واتە ھەروەک پەروەردگارێتیی خوای گەورە خوازیاری بەندایەتی و گوێڕایەڵییە، پیرۆزی و بێنیازیی ئەو پەروەردگارێتییەش داخوازی ئەوەن کە "بەندە" = لەگەڵ داواکردنی لێبوردن و بینینی کەموکووڕییەکانی = دەریببڕێت کە: خواوەند پاک و بێنیازە لە ھەموو کەموکووڕییەک و، ڕایبگەیەنێت کە ئەستۆی سەرجەمی بیروڕا پووچەڵەکانی گومڕایان ناتوانێت بگاتە گەورەیی ئەو خوایە و، خواوەند بەرز و بڵندە بەسەر ھەموویاندا. ھەروەھا دەریببڕێت کە خوای گەورە ھێندە خاوێن و بڵندە کە دەستی ھیچ کەموکووڕی و ناتەواوییەکی بوونەوەران ناگاتە داوێنی بەرز و بڵندییەکەی.. بەڵێ، ھەموو ئەمانە بە وتنی: "سبحان الله" دەرببڕێت..
ھەروەھا کەماڵی توانستی پەروەردگارێتی داوا لە "بەندە" دەکات کە پەنا بباتە بەری و پشتی پێ ببەستێت. چونکە بەندە "لاوازی"ی خۆی و "بێدەستەڵاتی"ی بوونەوەران دەبینێت. ئیتر لە بەرامبەر مەزنیی ئاسەوارەکانی توانستی صەمەدانییەوە و بە دەربڕینی ئەوپەڕی ڕێز و سەرسووڕمانەوە: "الله أکبر" دەکات و بە کەماڵی خشووع و ئەدەب و ملکەچییەوە دەڕواتە ناو "ڕکووع"ەوە..
ھەروەھا میھرەبانیی فراوان و نەبڕاوەی پەروەردگارێتیی خوای گەورە داوا لە "بەندە" دەکات کە بە زمانی نزا و پاڕانەوە، پێداویستییەکانی خۆی و گشت بوونەوەران و، "ھەژاری" و "بێدەسەڵاتی"ی ھەموویان، لە دەرگای ئەو گەنجینە نەبڕاوەی میھرەبانیی پەروەردگاردا بخاتە ڕوو. ھەروەھا بە وتنی: "الحمد لله" شوکرانە و سوپاسگوزاریی ئەو نیعمەتە زۆر و فەزڵ و میھرەبانییە زەبەندەیەش دەرببڕێت کە ئەو پەروەردگارە میھرەبانە ڕشتوونی بە سەریاندا..
واتە کردار و گوفتارەکانی نوێژ، ئەم واتایانەیان تێدایە و، ھەر لەبەر دەرخستنی ئەم ناوەرۆکانەیە کە خوای گەورە نوێژی لەسەرمان فەرز کردووە.
Türkçe
English
العربية
Pyccĸий
français
Deutsch
Español
italiano
中文
日本語
Қазақ
Кыргыз
o'zbek
azərbaycan
Türkmence